مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان وەرگیراوە‌

مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان وەرگیراوە‌

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەهەوڵی بەئەلیكترۆنیكردنی بانكەكانداین و 15 بانك كراونەتە ئەلیكترۆنی و مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومی نێودەوڵەتیش وەرگیراوە.

ئەم وتانەی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی پێشوازیكردن بوو لە شاندێكی باڵای بانكی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی میرزا حەسەن، راگری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی جێبەجێكاران لە بانكی نێودەوڵەتی كە ئەمڕۆ چوار شەممە30/1/2019 ئەنجامدرا.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكە وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە جیاوازی ساڵی 2014 بۆ ئێستاكرد و وتی: توانرا بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەربكەین و سەركەوین بەسەر شەڕی تیرۆرستی داعش و بەخۆڕاگری مووچەخۆران سەركەوتین بەسەر دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغدا و لەئێستاشدا مووچە 30 رۆژ جارێك دابەش دەكرێت.

رێباز حەملان باسی لەوەشكرد لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشی زۆری قەرزی بانكە ئەهلیەكان دراوەتەوە و یاسایی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان ئاسانكاری پێویستی بۆ وەبەرهێنەران كردووە پڕۆژەكان دەستیان پێكردۆتەوە بەشێك لە قەرزی وەبەرهێنان دراوەتەوە و چەنددین كۆنگرەی تایبەت بە ئابووری و وەبەرهێنان لە كوردستان ئەنجامدراون.

سەبارەت بە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولاكرد تایبەت بەیەكخستنی پێناسەی گومرگی و پەیوەندیەكانی نێوانیان و هەوڵی باشتركردنی ئەو پەیوەندیە دەدرێت.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە باسی لە بەرە و پێشبردنی بانكە حكومیەكان كرد و كە 15 بانكی حكومی كراوەنەتە ئەلیكترۆنی و پرۆسەكەش بەردەوامی هەیە، هەروەها بە پشتیوانی بەرێز سەرۆكی حكومەتی هەرێم توانراوە مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومی نێودەوڵەتی وەربگیرێت لە بەغداو لەژێر ناوی بانكی نیشتمان.

لایخۆشیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەبەرەوپێشچوونەوەكان و سەركەوتن بەسەر قەیران، هەروەها ئامادەییان دەربڕی لە سیستەمی بانكی هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.