وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا كرد

وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا كرد

دوای نیوەرۆی ئەمرۆ 25ی ئەیلولی 2019 بەڕێز (ئاوات جەناب نوری) وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت پێشوازیكرد لە (مارشال بیلینگسلی) یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكی بۆ كاروباری نەهێشتنی پارەداركردنی تیرۆر، شاندی یاوەری. لەو سەردانەدا، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری بە (مارشال بیلینگسلی)ی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكی ڕاگەیاند: "پێویستە هانی كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بدرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كوردستان بكەن، پەرە بە لایەنی ئابووری هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش بدرێت". لای خۆشیەوە، (مارشال بیلینگسلی ) پاڵپشتی خۆی بۆ هاندانی وەبەرهێنەران و كردنەوەی خولی بەهێزكردنی توانای فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی دەربڕی، باسی لەوەشكرد، نیازی ئەمەریكا وایە وەبەرهێنان بە گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەت بكات، هەوڵی ئەوەش بدرێت كە بانكەكانی عێراق و كوردستان بەرەو پێشتر بچێت. لە كۆتایدا بەڕێز (ئاوات جەناب نوری) گوتی: "هیوادارین ئەمەریكیەكان ڕۆڵیان لە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە ئاشتەوایی چارەسەر بكرێت". سەبارەت بە كارو پڕۆژەكانی وەبەرهێنەرانی بیانی، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە هەموو كار ئاسانیەك دەكەین بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە كوردستاندا، چونكە هیچ وڵاتێك بە بێ وەبەرهێنەرانی بیانی بەرەوپێش ناچێت".