وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم كرد

وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم كرد

سەرلەبەیانی ئەمرۆ 23ی ئەیلولی 2019 بەڕێز (ئاوات جەناب نوری) وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت پێشوازیكرد لە (باربارا ڤۆڵف) و شاندێكی یاوەری. هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێت هەماهەنگی زیاتر لە نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان هەبێت. لەو سەردانەدا، بەڕێز (ئاوات جەناب نوری) وەزیری دارایی بە (باربارا ڤۆڵف)ى كونسوڵی ئەڵمانیاى، ڕاگەیاند: هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوەیە كرانەوەی بە ڕووی عێراقدا هەبێت، تاوەكو بتوانن كێشەكانی نێوانیان بە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بكەن و بگەنە دەرئەنجامێك كە خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات. بەڕێز (ئاوات جەناب نوری) وەزیری دارایی ئەوەی ڕوونكردەوە كە ئەو قەیرانەی ئێستا هەرێمی كوردستان تێیدایە، بەهۆی ئەوەیە لە ساڵی 2014ەوە بودجەی هەرێم كە مافێكی دەستووری گەلی كوردە لە لایەن حكومەتی بەغداوە بڕاوە. بەڵام لە كابینەی نۆدا دەمانەوێت ئەو كێشانە نەمێنێت و وەكو هاوڵاتێكی خاوەن دەستوور و ماف سەیری هاوڵاتیانی هەرێم بكرێت. لای خۆشیەوە، (باربارا ڤۆڵف) كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێم، جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتی ئەڵمانیا بەردەوام هاوكاری هەرێمی كوردستان بووە بە تایبەتی لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و بەردەوامیش دەبن لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان. ئاماژەشی بەوە كرد، كە حكومەتی ئەڵمانیا ئامادەیە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان هانی چەندین وەبەرهێن بدات بێنە هەرێمی كوردستان و لەسەرجەم بوارەكاندا خزمەتی هەرێمی كوردستان بكەن.