شاندێكی باڵای فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریان كرد‌

شاندێكی باڵای فەڕەنسا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریان كرد‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2/5/2019 بینوا جنڤو، جێگری بەرپرسی بەشی ئابووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لەگەل وەفدێكی كونسوڵخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمیان كردو لەگەڵ رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری كۆبونەوە.

بینوا جنڤو، جێگری بەرپرسی بەشی ئابووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا دەستخۆشی لە وەزیری دارایی و ئابووری كرد كە لەكاتە سەختەكان ئەركەكانی بەسەركەوتووانە ئەنجامداوە، بەتایبەت لەوكاتەی قەیرانی دارایی رووی لە هەرێمی كوردستان كرد.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری تیشكی خستە سەر تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و وتی، رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند بەردەوامین لە ریفرۆم لە گومرگ و دەروازەكان و باج، ئەمەش وایكردوە داهات بەرێژەیەكی بەرچاو زیاد بكات و بەردەوامیش دەبین لە چاكسازیكردن.

هەروەها لە ئێستادا مووچە لەكاتی خۆیی دەدرێت، توانراوە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بدرێتەوە لەگەڵ 300 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ناوخۆو بیانی و 260 ملیۆن دۆلاری قەرزی بانكە ئەهلیەكان.

سەبارەت بە پڕۆژە یاسایی بودجەش وەزیری دارایی و ئابووری رونیكردەوە، پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 ئامادەیە و لە چاوەڕوانی كابینەی نوێی حكومەتدایە و خەرجی حكومەتیش لە 18 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە بۆ 14 ترلیۆن دینار.

وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر كرد كە لە بواری نەوتدا لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و هەرچی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووریش رێككەوتن كراوە لەسەر پێناسەی گومرگی و یەك پێناسەی گومرگی هاوبەش جێبەجێدەكرێت. هەروەها لەسەر ناردنی مووچەش رونیكردەوە، بەغداد 453 ملیار دینار بۆ مووچە دەنێرێت، بەڵام ئێمە بۆ مووچە پێویستمان بە 881 ملیار دینارە، تایبەت بە مووچەی پێشمەرگەش لە یاسایی بودجەی عێراق 68 ملیار دیناری مانگانە دیاریكراوە، بەڵام مانگانە 150 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە پێویستە، هەرچەندە تاوەكو ئێستا بەغداد هیچ بڕە پارەیەكی بۆ مووچەی پێشمەرگە نەناردووە.