شاندێكی باڵای بەریتانیا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد‌

شاندێكی باڵای بەریتانیا سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد‌

ئەمڕۆ چوار شەممە 28/11/2018 رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم پێشوازی لە بارونیس نیلكسون، نێردراوی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و جۆن ویلكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و مارتن وار، كونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد.

 

لە دیدارەكە نێردراوی تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا باسی لە سەركەوتنی هەرێمی كوردستان كرد بەسەر ئەو دۆخەی لە رابردوو دروست بوو، دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد تایبەت بەو چاكسازیە بەرچاو و گەورەیەی ئەنجامیداوە لەماوەی یەك ساڵداوە، هەروەها ئەو ئاسانكاریەی كراوە بۆ كۆمپانیا بەریتانیەكان.

 

لایخۆشیەوە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بە پەیوەندییە ئابووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بەریتانییەكان كرد سوپاسی پشتیوانی حكومەتی بەریتانیای كرد، هەروەها باسی چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد لە بانك، دەروازە، فڕۆكەخانە، گومرگ و باجەكان و بە ئەلیكترۆنیكردنیان.

 

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەشكرد كە هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرە و گەشەسەندن دەنێت لەرووی ئابووری و ئاسانكاری پێویستیش كراوە بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی لە هەرێمی كوردستان.

 

پەیوەندیەكانی نێوان و هەولێر و بەغدا تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو بە تایبەت لابردنی خاڵەگومرگیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پشكی كورد لە پڕۆژە یاسایی بودجەی 2019ی عێراق و یەكخستنی پێناسەی گومرگی لە نێوان هەردوولادا.