وەزیری دارایی و ئابووری پارێزگای دهۆكی بەسەر كردەوە‌

وەزیری دارایی و ئابووری پارێزگای دهۆكی بەسەر كردەوە‌

ئەمڕۆ دووشەممە 26/11/2018 رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان پارێزگای دهۆك و خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلی بەسەركردەوە.

لەسەرەتای سەردانەكەی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ پارێزگای دهۆك لەلایەن فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆك و حەمید عەلی، بەڕێوەبەری كۆمەڵگای ئیبراهیم خەلیل پێشوازی لێكرا.

دواتر لە باڵەخانەی پارێزگا لەگەڵ هەر حەوت قائیقمامی قەزاكانی پارێزگای دهۆك و بەڕێوەبەری فەرمانگاكانی دهۆك كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئەنجامدا و لەسەرەتای كۆبوونەوەكە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری بەناوی حكومەتی هەرێم سوپاسی بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی پارێزگای دهۆكی كرد كە بەشێوەیەكی رێك و پێك كارەكانیان ئەنجامداوە و هەروەها باسی لە ئامانجی سەردانەكەی كرد كە بۆ دانانی پلانی كاركردنە بۆ ساڵی 2019 و بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیانی پارێزگاكە و پێداویستی فەرمانگاكان.

دواتر وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند:" كە بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی شێرپەنجە لە دهۆك و بۆ ئەو مەبەستەش باسی لە رێكارەكانی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە كرد.

لە كۆبوونەوەكە پارێزگار و جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزاكانی پارێزگای دهۆك و بەڕێوەبەرەكان باسیان لە گیروگرفتەكانیان كرد و وەزیری دارایی و ئابووریش چەند كێشەیەكی فەرمانگاكانی پارێزگاكەی چارەسەر كرد و بەڵێنیشدا كە لە چوار چێوەی بڕیار و رێنمایەكانی وەزارەتی دارایی چارەسەری كێشەكانی تر بكرێت.

لە بەشێكی تری سەردانەكەی وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی گەنجینەی دهۆكی كرد و دوای بەسەركردنەوەی بەشەكانی گەنجینە لەگەڵ  سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگاكانی پارێزگا سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری كۆبووە  لە پێناو خزمەتكردنی  هاوڵاتیانی پارێزگاكە و بەڵێنی چارەسەركردنیدا بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم.

هەر لە سەردانەكەی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ حەمید عەلی، بەڕێوەبەری كۆمەڵگای ئیبراهیم خەلیل سەردانی دەروازەكەی كرد و تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆری بەسەركردەوە و دەستخۆشی كرد كە كارەكانیان بە رێك و پێكی ئەنجام دەدەن لە پێناو رێگری لە هاوردەكردنی هەرجۆرە خۆراك و كەلوپەلێكی خراپ بۆ بازاڕەكانی هەرێم.