ڕێباز حه‌ملان: دڵنیایی ده‌ده‌م موچه‌ به‌ بێ پاشه‌كه‌وت و بێ دواكه‌وتن به‌رده‌وام ده‌بێت، هیچ بڕیارێكیش نیه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كان‌

ڕێباز حه‌ملان: دڵنیایی ده‌ده‌م موچه‌ به‌ بێ پاشه‌كه‌وت و بێ دواكه‌وتن به‌رده‌وام ده‌بێت، هیچ بڕیارێكیش نیه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كان‌

لە وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ ڕێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت" من هەموو موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەمەوە کە موچە بەردەوام دەبێت و بە تەواوی دەدرێت بە بێ پاشەکەوت و بێ دواكه‌وتن وه‌ لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەکمان نیە پێشینەکان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە، وتومانە لەداهاتوو کە دۆخی موچە خۆران و هەرێمی کوردستان چوەوە سەر سکەکەی خۆی، بەڵام لەم کاتەدا هیچ بەرنامەیەکمان نیە وەریبگرینەوە، هه‌روه‌ها وەزیری دارایی و ئابوری ڕەتیکردەوە هیچ فراکسیۆنێک یاداشتی دابێتە وەزارەتەکەی بۆ وەرنەگرتنەوەی قەرزی پێشینەکان و وتی" لەهیچ فراکسیۆنێک و پەرلەمانتارێکەوە یاداشت نەدراوەتە وەزارەتی دارایی و حكومه‌ت وە ئەوەی کە باس دەکرێت لەژێر فشاردا ئێمه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كانمان ڕاگرتووه‌، ئێمە خۆی هەر بڕیارمان نەداوە لەئێستادا ئەو قەرزانە وەرگرینەوە تا بکەوینە ژێر فشارەوە وە لە ئێستاشدا وەری ناگرینەوە هیوادارم هەموو موچە خۆران لەوە دڵنیابن ، دەربارەی دانەوەی پاشەکەوتی موچە بەفەرمانبەران، ڕێباز حەملان دەڵێت"دەبێت ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەداهاتوو لەگەڵ بەغداد لەبیرمان نەچێت کە "تەئکید" لەوە بکەینەوە حكومه‌تی عیراق هۆكاری یه‌كه‌می په‌یڕه‌وكردنی سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ بووه‌، چونکە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجە-شی بڕی دەبوو هەر موچەی بناردایە بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستی کرد بەدانەوەی موچە پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان دەبێت بەشە زۆرەکەی حکومەتی عیراق ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت." سەبارەت بە پێشبینی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم." ڕێباز حەملان وتی" ئەم کابینەیه‌ی ئێستا به‌ سه‌رۆكایه‌تی "به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی" ڕوبەڕووی زۆر ئاستەنگ و گرفت بوەوە بەڵام توانی تێیپەڕێنی و زۆری کێشەکان چارەسەر بکات، وەبەڕاستی دیاریکردنی "بەڕێز مەسرور بارزانی" بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم "شەخسیەتێکی" خاوەن بڕیارە وە کەسایەتیەکی زۆر دوربین و وردبینە بۆیە من پێم وایە حکومەتی داهاتووش حکومەتێکی بەهێز دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە دەبێت کە بتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو وە ئەو ئاستەنگانەی دێتە بەردەمی چارەسەریان بکات وە ئەو دانوستانە گرنگەی لەگەڵ بەغداد دێتە ئاراوە ئەوان بەڕێوەی دەبەن."

"هەموو موچە خۆران دڵنیا دەکەمەوە"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئێمە چەند جاری پێشوو ڕامانگەیاندووە بڕیاری ژمارە(64)بڕیاری پاشەکەوتی موچە، بڕیارێکی ناچاری حکومەت بووە بۆ دانانی پاشەکەوت ئێستاش کە بڕیاری لادانی پاشەکەوتی موچە دراوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەتی عیراقی بڕیاری داوە مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بنێرێت کە لەوە(68) ملیاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگەیە بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە وەک خۆی نەچۆتە جێ بەجێ کردنەوە تەنها مانگی 453 ملیار دینار دەنێرێت ئێستا ئێمە دەستمان کردووە بە پێدانی موچەی مانگی یەک کە حکومەتی عیراقی ئەو پارەیەی بۆ مانگی 4 ناردووە، بەڵام هێشتا نەیناردووە لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەینێرێت."

ڕێباز حەملان سەبارەت بە دەنگۆی بڕینی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە وتی" من هەموو موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەمەوە کە موچە بەردەوام دەىیت بە تەواوی دەدرێت بە بێ پاشەکەوت هیچ گرفتێک نایەتە پێش چونکە لەسەرەتای دانانی یاسای بودجە بە شێوازێک داڕێژراوە کە ئێمە بتوانین مانگانە 30 ڕۆژ جارێک موچەی فەرمانبەران بە تەواوی بێ پاشەکەوت بدەین لەو پارەیەی کە لەبەغدادەوە دێت هەروەها لەو داهاتەی لەبەردەست حکومەتی هەرێمە."

"تا ئێستا بەغداد یەک موچەی ته‌واوی هەرێمی بەبێ پاشەکەوت ناردووە"

دەربارەی ئەوەی دەوترێت هەرێمی کوردستان پابەند نیە بە یاسای بودجەی عیراق-نەوت ڕادەستی بەغداد ناکات؟

ڕێباز حەملان وتی" لەگەڵ بەغداد کە باسی بودجە کراوە پابەندبوونی ئێمە بەتەنها لەسەر 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە نیە، بەڵکو لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ترە، یەک لەوانە "تەعریفەی"گومرگە کە ئێستا هەرێمی کوردستان و بەغداد یەک "تەعریفە"ی گومرگیان هەیە، وەلەسەر باج یەک سیستم جێ بەجێ دەکەین ئێستا " ئیزدواجیەتی باج"مان نە‌هێشتووە، وە لەسەر بابەتی نەوت-یش گەیشتوینە لێکتێگەیشتنی باش لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پڕۆسەیەکی دورودرێژە وە پێویستە وەفدێک لە ئەنجومەنی نەوت و گاز بچێتە بەغداد کە ئەمەش دەکەوێتە کابینەی داهاتوو، وه‌ حکومەتی عیراقیش لەمە تێدەگات تا حکومەت پێکنه‌هێنرێت ناکرێت ئەوە، بۆیە کە گەیشتە ئەو بوارە ئەوانە هەمووی چارەسەر دەکرێت، من سوپاسی هەوڵی پەرلەمانتاران و وەزیری دارایی عیراق "بەڕیز د.فوئاد حسێن" دەکەم بۆ هەوڵەکانیان سەبارەت بەچەسپاندنی بودجەی هەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە ناردنی سێ موچە له‌لایەن بەغدادەوە، ڕێباز حەملان وتی" له‌مانگی یه‌ك و دوو، به‌غداد 317 ملیاری ناردبوو به‌ڵام ئێمه‌ موچه‌ی مانگی 10 و 11ی ساڵی 2018 مان پێدا، دواتر له‌مانگی 3 به‌غداد ته‌واو كاری 1 و 2 ناردبوو كه‌ 136 ملیاره‌ و به‌ڵام ئێمه‌ بۆ پێدانی موچه‌ پێویستمان به‌ 881 ملیار دیناره‌ مانگانه‌، ئەگەرنا تا ئێستا بەغداد موچه‌ی ته‌واوی ناردووه‌ به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌."

"هیچ بەرنامەیەکمان نیە پێشینەکان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە"

لەبارەی دەستپێکردنەوە بە وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان لەفەرمانبەران و بڕینی ئەو قەرزانە لە موچەکانیان؟

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئێمە کاتی خۆی شتێکمان وت بەهەڵە "تەفسیری بۆ کراوە" ئەویش وتمان، وەرنەگرتنەوەی پێشینەکان بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی پاشەکەوت بوو، بەڵام کە ئێستا نەماوە دەبێت دەست بکرێتەوە بە وەرگرتنەوەیان بەڵام نەمانوتووە لە ئێستادا بۆیە هەموو ئەو هەواڵانە هی سۆشیاڵ میدیا و سەرچاوەی نادروستن، ئەگەرنا ئێمە لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەکمان نیە پێشینەکان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە وە هیچ ڕێنماییەکیشمان لەوبارەیەوە دەرنەکردووە، وتومانە لەداهاتوو کە دۆخی موچە خۆران و هەرێمی کوردستان چوەوە سەر سکەکەی خۆی، بەڵام لەم کاتەدا هیچ بەرنامەیەکمان نیە وەریبگرینەوە ."

وەزیری دارایی و ئابوری ڕەتیکردەوە هیچ فراکسیۆنێک یاداشتی دابێتە وەزارەتەکەی بۆ وەرنەگرتنەوەی قەرزی پێشینەکان و وتی" لەهیچ فراکسیۆنێک و پەرلەمانتارێکەوە یاداشت نەدراوەتە وەزارەتی دارایی وە ئەوەی کە باس دەکرێت کە لەژێر فشاردا بووە ئێمە خۆی هەر بڕیارمان نەداوە لەئێستادا ئەو قەرزانە وەرگرینەوە تا بکەوینە ژێر فشارەوە وە لە ئێستاشدا وەری ناگرینەوە هیوادارم هەموو موچە خۆران لەوە دڵنیابن، هیچ بڕە پارەمان لەفەرمانبەران نەبڕیووە چونکە هیچ ڕێنماییەکمان دەرنەکردووە وە بەهەموو گەنجینەکانیشتمان وتووە موچەی تەواو دابەش بکەن"

"دانەوەی پاشەکەوتی موچەکان"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حکومەت بەنیازە پاشەکەوتی موچەکانی فەرمانبەران بداتەوە؟ ڕێباز حەملان وتی" لەڕابردوودا پڕۆژە یاسای چاکسازی درایە پەرلەمان بڕگەیەکی ئەو پڕۆژەیە باسی ئەوەیە، وە دەبێت ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەداهاتوو لەگەڵ بەغداد لەبیرمان نەچێت کە "تەئکید" لەوە بکەینەوە یەکەم هۆکاری پاشەکەوتکردنی موچە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە یەکەم هۆکاری بەغدادە چونکە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجە-شی بڕی دەبوو هەر موچەی بناردایە بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم دەستی کرد بەدانەوەی موچە دەبێت بەشە زۆرەکەی حکومەتی عیراق ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، بۆیە بەدڵنیایی کەدەست کرا بە گفتوگۆ لەگەڵ عیراق لەسەر بابەتە داراییەکان و نەوت ئەوە یەکێکە لەبابەتە سەرەکیەکان."

سەبارەت بە پێشبینی بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم؟

ڕێباز حەملان وتی" هیوادارم هەموو لایەنەکان پێکەوە بەرژەوەندی میللەتەکە لەبەرچاو بگرن لە پێش پۆست و پلە و پایە، وەبەڕاستی دیاریکردنی (بەڕێز مەسرور بارزانی) بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم "شەخسیەتێکی" خاوەنی بڕیارە وە کەسایەتیەکی زۆر دوربین و وردبینە بۆیە من پێم وایە حکومەتی داهاتووش حکومەتێکی بەهێز دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە دەبێت کە بتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو وە ئەو ئاستەنگانەی دێتە بەردەمی چارەسەریان بکات وە ئەو دانوستانە گرنگەی لەگەڵ بەغداد دێتە ئاراوە ئەوان بەڕێوەی دەبەن."

هەروەها ڕایگه‌یاند" سەبارەت بە دۆخی ئابوری کوردستان، لە سەردەمی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بەرەو بوژاندنەوە دەڕوات ، ئەم کابینەیه‌ی ئێستا به‌ سه‌رۆكایه‌تی (به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی) ڕوبەڕووی زۆر ئاستەنگ و گرفت بوەوە هەر لەبڕینی بودجە، شەڕی داعش، هاتنی ئاوارەکان و خراپبونی پەیوەندییەکانی بەغداد و کوردستان و هه‌روه‌ها ململانێ سیاسیه‌ نێوخۆییه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان بەڵام توانی تێیپەڕێنی و زۆری کێشەکان چارەسەر بکات، وه‌ ئەو گرفتانەی کەماون دڵنیام كابینه‌ی داهاتوو کێشە كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان و ئاسته‌نگیه‌كانی داهاتوو چارەسەر دەکات وە دۆخی موچە خۆرانیش من دڵنیام "ئینشەئه‌ڵا" ئەو گرفتانەی کە لەڕابردوو بەسەریاندا هات دووبارە نابێتەوە."

ئەم گفتوگۆیەی رێباز حەملان، وەزیری دارایی  و ئابووری حكومەتی هەرێم لە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا بڵاو كراوەتەوە.