وەزیری دارایی و ئابوری : كار بۆ بەرزكردنەوەی داهات دەكەین

وەزیری دارایی و ئابوری : كار بۆ بەرزكردنەوەی داهات دەكەین

ئەمڕۆ چوارشەممە 14/10/2020 كونسوڵی كۆماری توركیا و شاندێكی یاوەری سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد لەگەڵ بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری و بەڕێوبەری گشتی باج و دەرامەتی میری هەرێمی كوردستان و شاندی میوان دواین پێشهاتەكانی ناوچەكە و هەماهەنگی نێوان هەردوولا خرایە چوارچێوەی گفتۆگۆكانیانەوە. ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی ئابوری لە میانی كۆبوونەوەكەدا به‌ كونسوڵی توركیا بەڕێز(هاكان كاراچی) ڕاگەیاند" توركیا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازرگانی و بازاڕی هەرێمی كوردستان هەیە، توركیا وڵاتێكی دراوسێیە كاڵاكانیان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌كوردستان بازرگانی پێوە دەكرێت." سەبارەت بە زیادكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد: " ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارلەسەر ئەوە دەكەین هەموو جۆرە كارئاسانییەك بكەین بۆ ئەوەی وەبەرهێنە بیانییەكان ڕووبكەنە هەرێمی كوردستان و سەرمایەكانیان بخەنە گه‌ڕ." لای خۆشيه‌وه‌ كونسوڵی توركیا بەڕێز هاكان كاراچی سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوری كرد بەڵێنی ئەوەی دوپاتكردەوە: " ئەوان ئەم هەنگاوانە لەبەر چاو دەگرن و بە پێزانیینەوە ڕۆڵی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنانی زیاتر بگێڕن." لە كۆتایی دانیشتنەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات جەناب نوری وتى: "توركیا بۆ هەرێمی كوردستان دەروازەیەكی سەرەکی ئاڵۆگۆڕی بازرگانییە، ھەروەھا گرنگە ئەوانیش ڕەچاوی دۆخی ئابوری هەرێم بكەن."