چوارەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرێوەچوو

چوارەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرێوەچوو

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی (٩/٤/٢٠٢٠) بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی وئابووری بەسەرپەرشتى بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا. لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، وەزیری دارایی وئابووری، دەستخۆشی لە ستافی وەزارەتی دارایی وئابووری کرد کە هاوشانی براو خوشکەکانیان لە وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش، کە بەردەوام بوون لە دەوامکردن و راییکردنی کارەکانی وەزارەت بە باشتریین شێوە، هەروەها باسی لە ناوەرۆکی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ئەنجومەنی وەزیران کرد کە دوای پەسەنکردنی پەیرەوی یاسای چاکسازی ئەنجامدرا. لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابووری بریاریدا لەسەر: ١- کاراکردنی سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستاندا و کردنەوەی ئەژمێرەیەکی تایبەتی بانکی بۆ ئەو سندوقە. ٢- بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین، کە دەبێتە تاکە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەک گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت. ٣- بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان. ٤- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی ئەژمێرەیەکی کەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران. ٥- ئامادەکردنی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەکان. ٦- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پێناو جێبەجێکردنی خێرای یاساکەدا. وەزارەتی دارایی و ئابووری ٩/٤/٢٠٢٠