وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی مەرزی باشماخی كرد

وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی مەرزی باشماخی كرد

سەرلە بەیانی ئەمرۆ هەینی ڕێكەوتی ١٣/٣/٢٠٢٠، بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە كارو چاڵاكی بازرگانی و خۆپارێزیەكان بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڕێز "ئاوات شێخ جەناب" وەزیری دارایی و ئابوری بە یاوەری شاندێك سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ یەكە ئیدارییەكانی مەرزەكە، بە وردی باسی كۆمەڵێك ڕێنمایی نوێ لە بواری ڕێككارەكانی ڕێگری كردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا. وەزیری دارایی وئابووری ڕەزامەندی دا لەسەر تەواوی داواكاری و پێویستیەكانی دەروازەی سنووری باشماخ بۆ ئەوەی بتوانن تاكو بەرزترین ئاستی خۆپارێزیەكان بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیرەو بكەن. هاوكات وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: ئامانج لە سەردانەكەی بۆ مەرزی باشماخ لە نزیكەوە بینینی جێبەجێكردنی رێوشوێنانەكانی خۆپارێزییە كە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ گیراونەتەبەر. لە كۆتایدا بەڕێز "ئاواتی شێخ جەناب" گوتی: بەوردی چاودێری بارودۆخەكەمان كردووە، هەموو ئەوانەی سەرپێچی لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەكان دەكەن، ڕێككاری توندی یاسایی و کارگێری بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.