وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی مەرزی پەروێزخانی كرد

وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی مەرزی پەروێزخانی كرد

سەرلە بەیانی ئەمرۆ دوو شەممە ڕێكەوتی ١٦/٣/٢٠٢٠، بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە خۆپارێزیەكان بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڕێز "ئاوات شێخ جەناب" وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانی كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ یەكە ئیدارییەكانی مەرزەكە، بە وردی باسی جوڵەی بازرگانی و پابەندبوونی تەواو بە ڕێنماییەکان و ڕێككارەكانی ڕێگری كردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا. وەزیری دارایی و ئابووری لە نزیکەوە بە دواداچوونی کرد بۆ کەم و کوری و پێداویستیەکانی مەرزەکە، بەڵینی هەموو پشتیوانیەکی پێدان بۆ ئەوەی بتوانن تاكو بەرزترین ئاست خۆپارێزیەكان بەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیرەو بكەن. هاوكات وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: ئامانج لە سەردانەكەی بۆ مەرزی پەرویزخان لە نزیكەوە بینینی جێبەجێكردنی ڕێوشوێنانەكانی خۆپارێزییە كە لە مەرزی نێودەوڵەتی پەرویزخان گیراونەتەبەر و ڕاشیگەیاند ئەولەویەتی ئێمە لە ئێستادا تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیانە لەبەرامبەر ڤایرۆسی كۆرۆنا. لە كۆتایدا بەڕێز "ئاواتی شێخ جەناب" گوتی: بەوردی چاودێری بارودۆخەكەمان كردووە، هەموو ئەوانەی سەرپێچی لە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی دەكەن، ڕێككاری زۆر توند بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.