Get Adobe Flash player
وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌ ژماره‌ و خشته‌ و روونكردنه‌وه‌ى ته‌واو وه‌ڵامى سه‌رجه‌م ره‌خنه‌ و تێبینى و پێشنیاره‌كان ده‌داته‌وه‌



05/02/2013 730 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌



دوای كۆتاییهاتنی گفتوگۆی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ڕاپۆرت و ورده‌كاریی بودجه‌ی ساڵی 2013 كه‌ ژماره‌ى هه‌ره‌ زۆری  ئه‌ندامان به‌شدارییان تێدا كرد و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش بواری قسه‌كردنی به‌ كراوه‌یی ڕه‌خساندبوو.
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ڕایده‌گه‌یه‌نێت له‌ میانه‌ی دانیشتنی سبه‌ی سێشه‌ممه‌ى په‌رله‌مانی كوردستاندا كه‌ بۆ وه‌ڵامی نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمى كورستان ته‌رخان ده‌كرێ، به‌ ژماره‌ و خشته‌ و ڕوونكردنه‌وه‌ى ته‌واو وه‌ڵامی سه‌رجه‌م ئه‌و ڕه‌خنه‌ و تێبینی و پێشنیارانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی بودجه‌ خرانه‌ ڕوو. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی بودجه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تریش بۆ ئاماده‌كردنی وه‌ڵامی پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌، ڕاسپێردراون.
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری جارێكی تر دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بودجه‌ به‌ داهات و خه‌رجی و خشته‌ و ڕاپۆرت و ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستانیش، كه‌ ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌ربڕی ستراتیژی حكوومه‌ته‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی شه‌فافیه‌ت و به‌ئاشكرایی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داهاتی گشتیدا، به‌ جۆرێك سه‌رجه‌م ئه‌و ڕا و سه‌رنج و ڕه‌خنانه‌ی له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و له‌ لایه‌ن خودی په‌رله‌مانتارانیشه‌وه‌ خرانه‌ ڕوو، به‌ هه‌موو ژماره‌ و خشته‌كانیه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌كه‌دا هاتبوون و تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ش كه‌موكورتیه‌ك له‌ بودجه‌دا ئاشكرا نه‌كراوه‌ كه‌ حكوومه‌ت به‌ شاراوه‌یی هێشتبێتیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌ تاریكیدا بودجه‌ی ئاماده‌ نه‌كردووه‌ و له‌ تاریكیشدا خه‌رجی ناكات، به‌ڵكوو له‌ خزمه‌تی خه‌ڵك و پێداویستیه‌كانیان به‌ كاری ده‌بات.
ئه‌وه‌ى جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ هاووڵاتیانی كوردستان و ئێمه‌ش به‌ ڕوونی هه‌ستمان به‌وه‌ كرد كه‌ لێره‌ و له‌ وێ و به‌ مه‌به‌ستی سیاسی و دوور له‌ نیه‌تی چاككردن، په‌لاماری بودجه‌ ده‌درێت، ته‌نانه‌ت هه‌وڵ ده‌درێت بخرێته‌ بری شه‌ڕی تریشه‌وه‌، هه‌مووشمان باش ئه‌و ڕاستیه‌ تێده‌گه‌ین به‌م شێوازه‌ ناتوانین خزمه‌تی شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری و خه‌رجكردنی ئه‌و بودجه‌یه‌ بكه‌ین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی داوا و پێویستیی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌موو وڵاتێكدا بودجه‌ سه‌رنج و تێڕوانینی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت.
به‌ لای ئێمه‌شه‌وه‌ ئاساییه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا گفتوگۆ و تاتوتوێی بودجه‌ بكرێت، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بودجه‌كه‌مان ده‌چێته‌ به‌رده‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ هیچ ناوچه‌یه‌كی كوردستان و چین و توێژێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ له‌م بودجه‌یه‌ سودمه‌ند نه‌بن و ئه‌م گه‌شه‌كردن و بووژانه‌وه‌ به‌رچاوه‌ی ئه‌مڕۆش هه‌موومان لێى به‌هره‌مه‌ندین، به‌ره‌نجامی  جێبه‌جێكردنی بودجه‌یه .